|
|
| ڕاگه‌یاندراوی کۆمیته‌ی PDKIله ئاڵمان به بۆنه‌ی کۆچی دوایی ئه‌ندامێکی دێرینی حیزب ! |
ڕاگه‌یاندراوی کۆمیته‌ی PDKIله ئاڵمان به بۆنه‌ی کۆچی دوایی ئه‌ندامێکی دێرینی حیزب !
کۆمیته‌ی حیزب له ئاڵمان به دا‌غ و که‌سه‌ره‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێ که سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 12.6.2010 که‌سایه‌تیی ناسراوی بنه‌ماڵه‌ی نه‌قشبه‌ندی و ئه‌ندامی دێرینی حیزب شێخ مۆختار نه‌قشبه‌ندی به هۆی نه‌خۆشی له یه‌کێک له نه‌خۆشخانه‌کانی شاری هانۆڤێری ئاڵمان ، ماڵئاوای له بنه‌ماڵه و نه‌ته‌وه‌که‌ی کرد.
شێخ مۆختار کوڕی مه‌رحوومی شێخ عه‌لائه‌دینی بیاره و برای شێخ عوسمانی نه‌قشبه‌ندی بوو که له 27.8.1935له بیاره‌ی زێدی ناسراوی بنه‌ماڵه‌که‌یان و، له‌داوێنی ته‌ریقه‌تی خاوه‌ن سه‌دان هه‌زار مۆرید و نیشتیمان په‌روه‌ری نه‌قشبه‌ندی چاوی به دونیا هه‌ڵێناوه دواتریش وێڕای به‌شێکی زۆری بنه‌ماڵه‌ی نه‌قشبه‌ندی له شاری سنه و گوندی سووره‌توو ژیاون.
شێخ مۆختار به هه‌وڵ و هیمه‌تی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌یان توانیبووی تا دیپلۆم ده‌رس بخوێنێ . ئه‌و هه‌ر له هه‌ره‌تی لاویه‌تیه‌وه خولیای شێعر و ئه‌ده‌بیاتی کوردی بوو. بۆیه به هه‌ستی نیشتیمان په‌روه‌ریی بنه‌ماڵه‌که‌یان نه‌ته‌وه‌که‌ی به باشی ناسیبوو وله‌و پێناوه‌ش دا زۆر کاری له سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی کوردی کردبوو.
شێخ مۆختار له بواری شێعر دا ده‌ستێکی باڵای هه‌بوو و سه‌دان شێعری شۆڕشگێری و نیشتیمان په‌روه‌ریی هه‌یه .
دوایی کووده‌تای 28 ی گه‌لاوێژی 1332 و دوباره بالا ده‌ست بوونی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی و ساواک ، شیخ مۆختار له سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمان په‌روه‌ری که یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته هه‌ره پیرۆزه‌کانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بووه و هه‌یه، چه‌ندین جار له لایه‌ن ساواکه‌وه ده‌گیرێ و زیندانی ده‌کرێ ، تا سه‌ره‌نجام ناچار به ته‌رکی وڵات و ئاواره‌ی عێراق و باشووری کوردستان ده‌بێ به داخه‌وه له‌وێش بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی به‌عسی عێراقه‌وه ده‌گیرێ و له ئه‌بوو غرێب زیندانی ده‌کرێ.
هه‌ر له‌م کاتانه‌ش دا سه‌رکردایه‌تیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان که له باشووری کوردستان بووه، شێخ مۆختار په‌یوه‌ندی ده‌کا به ڕیزه‌کانی حیزبه‌وه و هه‌تا دوا ساته‌کانی ژیانی وه‌فادار به‌و ڕێبازه مایه‌وه و خزمه‌تی زۆریشی به گه‌ل و نیشتیمانه‌که‌ی کرد.
شێخ مۆختار وه‌ک ئینسانێکی گرێ‌دراو به گه‌ل ونیشتیمانه‌که‌ی ، زۆر کاری له سه‌ر شێعر و ئه‌ده‌بیاتی کوردی کردبوو و خۆشی خاوه‌نی به‌هره‌یه‌کی زۆری شێعره.
له نێو حیزب دا شێخ که‌سێکی خاوه‌ن ڕێز و حورمه‌ت بوو. دۆست وهاوڕێێ زۆر به‌ی ڕێبه‌رانی حیزب بووه. به تایبه‌تی ڕێبه‌رانی شه‌هید دۆکتۆر قاسملوو ودۆکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی ڕێزێکی زۆریان له که‌سایه‌تیی و دلسۆزیی شێخ مۆختار ده‌گرت . هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ،ساڵی 1992 کاتێک شێخ مۆختار و بنه‌ماڵه‌که‌یان ده‌یانه‌ویست به‌ره‌و تورکیه و له‌وێ ڕا به‌ره‌و ئۆرووپا بچن شه‌هید کاک دۆکتۆر سه‌عید وه‌ک ئه‌مه‌گداری یه‌ک له زه‌حمه‌ته‌کان و دڵسۆزیه‌کانی شێخ مۆختار، ئه‌وانی له سه‌ر ئه‌رکی حیزب تا دهۆک به‌ڕێی کردن .هه‌ر له‌و کاته‌وه تا ئێستا خۆیان و بنه‌ماڵه‌که‌یان له وڵاتی ئاڵمان و له غه‌ریبی و دووره وڵاتی دا ژیانیان به سه‌ر بردووه و به داخه‌وه هه‌ر له دووره وڵاتیش دا ماڵئاوایی لێ کردین. ئاواتی شێخ ئه‌وه بوو که ڕۆژێک له ڕۆژان بگه‌ڕیته‌وه زێدی پیرۆزی که کوردستانه ، به داخه‌وه ئه‌و ئاواته‌ی نه‌هاته دی.
له کۆتایی دا وێڕای به‌داغ بوونمان بۆ کۆچی دوایی ئه‌و که‌سایه‌تیه به‌ڕیزه و ئه‌و ئه‌ندامه به وه‌فایه‌ی حیزبه‌که‌مان، سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه و که‌س و کاری خوالێخۆش بوو ، مۆریدانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی وهاوڕێیانی حیزبی مان، به تایبه‌تی هاوڕێ مان که‌ژاڵ نه‌قشبه‌ندی کچی خوالیخۆشبوو ، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ئاڵمان و به‌رپرسی یه‌کیه‌تیی ژنان له‌و وڵاته ده‌که‌ین و خۆمان به‌شه‌ریکی غه‌م و په‌ژاره‌یان ده‌زانین. سه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد و که‌س وکاری ساغ بێ.
ڕووحی شێخ مۆختاری نه‌قشبه‌ندی شاد و جێگای به‌هه‌شتی به‌رین بێت.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیته‌ی ئاڵمان
12.6.2010




|
|
| به‌رنامه‌و پێڕه‌وی نێوخۆ |
|
|
|